|
نوسه‌ری كتێبی جه‌هاله‌تی ئیسلام ڕه‌خنه
له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گرێت
ئا ـ ئاڵا له‌تیف:
دوای ئه‌وه‌ی به‌بڕیاری دادگا كتێبی (جه‌هاله‌تی ئیسلام)
كۆكرایه‌وه، نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ش ده‌ڵێت كه‌حكومه‌تی هه‌رێم
له‌جیاتی ئیسلامیه‌كان ئه‌م كاره ده‌كات.
دادگا به‌بڕیارێكی ڕه‌سمی داوای كرد كتێبی (جه‌هاله‌تی
ئیسلام) كۆبكرێته‌وه له‌بازاڕدا‌و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری
به‌نووسراویان ئاگاداری سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی
ڕۆشنبیری پارێزگاكان ده‌كاته‌وه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و
كتێبه‌و نوسه‌ری كتێبه‌كه‌ش رایده‌گه‌ینیت كه حكومه‌تی هه‌رێم
له‌جیاتی ئیسلامیه‌كان ئه‌م كاره ده‌كات.
بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی ( جه‌هاله‌تی ئیسلام )
كه‌به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه له‌باره‌ی ئاینی
ئیسلامه‌وه نووسیویه‌تی ناڕه‌زایه‌تی دروست كرد له‌لای
زۆرێك له پیاوانی ئاینی و چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی ئیمزا
كۆكردنه‌وه‌یان له‌دژی ئه‌نجامدا، دادگا بڕیاری
كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌یدا، ئارام ڕه‌شید
نوسه‌ری كتێبی (جه‌هاله‌تی ئیسلام) سه‌باره‌ت به
كۆكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی له لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی
وتی"جاران كه كتێبێكی ڕه‌خنه‌گرانه له ئیسلام ده‌ربچوایه
ئیسلامییه‌كان هانی هه‌وادارانی خۆیان ده‌دا كه بچن ئه‌و
كتێبه بكڕن و دواتر بیسوتێنن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕه‌سمی بڕیاری
سوتاندنی كتێبه‌كه ده‌دات، سوتاندنی كتێب تیرۆر كردنی
كتێبه و تیرۆركردنی كتێبه‌كه‌شم واتا تیرۆر كردنی خۆم،
ئیسلامییه‌كان هه‌میشه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره كتێبانه و
ڕه‌خنه‌یه‌ك كه لێیان ده‌گیرێت زوڵم وزۆریان به‌كارهێناوه،
به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا كارێكی وایان كردووه كه حكومه‌تیش
ڕابكێشن ده‌ست تێكه‌ڵ بكات له‌گه‌ڵیاندا و به ڕه‌سمی ئه‌م
كاره بكه‌ن".
ئارام وتیشی"ڕاسته ئه‌م كاره ڕاسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر به‌من
كراوه، به‌ڵام له ڕاستیدا ته‌نها به‌رامبه‌ر به‌و
نوسه‌رانه‌ش نییه كه ڕه‌خنه له ئاین ده‌گرن، به‌ڵكو
له‌به‌رامبه‌ر به ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕایه بۆ خه‌ڵكی
كوردستان و دژ به ئازادییه".
ئه‌مه بۆ یه‌كه‌مجاره له‌هه‌رێمی كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كی
ڕه‌سمی و به‌بڕیاری دادگا كتێبێك كۆده‌كرێته‌وه.
له هاوڵاتییه‌وه
|